سزای ٧ ساڵ و نیو بەندکرانی زیندانی سیاسیی کورد سەکینە پەروانە، لە لایەن لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە و تەنانەت لە ڕەوتی دادگاییکردنیشدا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی گەڵاڕێزان (٣١ی ئۆکتۆبەر) سەکینە پەروانە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی زیندانی مەشهەد کراوە و پێی ڕاگەیەنراوە کە حوکمەکەی لە لایەن لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە سەرەتای ڕەزبەردا (کۆتایی سێپتامبەر) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەدەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە گشتی سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

دەوترێت دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد، بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەم زیندانییە سیاسییەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا کە چووەتە سەر مەزاری عەلی موزەفەری، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری قووچان، وەک بەڵگەی سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لە قەڵەم داوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرەتای مانگی خەرماناندا (کۆتایی ئاگۆست) بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراوی خۆی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەشهەد بەڕێوە چووبوو.

سەرەڕای ئەوەی پارێزەرێکی یاسایی لە مەشهەد ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەرکی پارێزەریی سەکینە پەروانە ڕاگەیاندبوو، بەڵام دادوەری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و لقی ٣٥ی دادگای پیاچوونەوە ڕێگرییان لێ کردبوو و نەیانهێشتبوو بچێتە سەر دۆسیەکە و تانە لە حوکمەکە بدات.

هەروەها بە دەستووری بەشی پاراستنی زیندان، ژمارە تەلەفۆنی ئەم پارێزەرەیش لە کارتی تەلەفۆنەکەیدا سڕدراوەتەوە و سەکینە پەروانە بۆی نییە لەگەڵ ئەو پارێزەرەدا پێوەندی بگرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەم ماوەیەدا تووشی کێشەی هەناسەتەنگی و نەخۆشیی دڵ بووەە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نین ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان یان ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانی بکەن. هەروەها پێوەندییە تەلەفۆنەکانیشی بەرکورت کراوەتەوە و دەبێ بە ئامادەبوونی هێزەکانی بەشی پاراستنی زیندان و تەنها بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بە کورتی قسە بکات.

سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی پێشوو، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوە (٤ی ئاوریل) لە ترمیناڵی مەشهەد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە. هاوکات شۆفێری ئەو تاکسییەش کە سەکینەی گەیاندبووە ترمیناڵ، لە لایەن ئەو هێزانەوە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کرابوو و بە قورسی لێیان دابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خاکەلێوە (١٤ی ئاوریل) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا.

سەکینە پەروانە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە چوارەم ساڵی زیندانیبوونیدا و دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتی، لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد ئازاد کرا. ناوبراو ماوەیەکی کورت دوای ئازادبوون جارێکی تر لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەدا (٧ی مارس) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای ٤ ڕۆژ ئازاد کرا.

دوای ئازادبوونی سەکینە لە زیندان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (فێبرییەی ٢٠٢٣) تا ئێستە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئامادە نەبووە بەڵگەنامە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییە، لەوانە ناسنامە و…، ڕادەست بکاتەوە.

سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه‌، بەرپرسە ئه‌منییەکانی كۆماری ئیسلامی له‌ ١٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (٦ی نۆڤامبری ٢٠١٩) به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له ‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و‌ دواجار گواستوویانەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبەسە‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، لە بەندی دووی ئەلف، ٢٠٩ و بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندا تێپەڕی.

پەیام دوڕئەفشان، پارێزه‌ری پێشووی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٩ (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند که سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپ و تاقمی دژبەری حکوومەتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە سەر سەکینە پەروانەدا سەپاوە.

سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (٤ی ژولای ٢٠٢٠) و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ڕەوانەی زیندانی قووچان و زیندانی ناوەندیی مەشهەد کرا و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار براوەتە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەشهەد و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی تەلەڤیزیۆنی خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە. سەکینە پەروانە هەروەها لە ماوەی زیندانیبووندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو.