پەسەندکردنی سزای بەندکرانی مەهیار ئەحمەدی لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی تورکیاوە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prison-sentences-ku/2024/04/04/p33439
سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێز و زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد کە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەستبەسەر کرابوو، لە لقی ٢ی دادگای پیاچوونەوەی شاری واندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە. ئەم چالاکوانە کوردە بەتەما بوو لە ڕێگای تورکیاوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی پارێزراوی ئەورووپا.
ماری لالوەر، ڕاسپێردراوی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ، لە بەفرانباری ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی سەپاندنی ئەو سزایە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، داوای ئازادکردنی دەسبەجێی ئەم پەناخوازە کوردەی کردبوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مەهیار ئەحمەدی کە ئێستە لە زیندانی شاری واندایە، ڕۆژی ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) ئاگادار کراوەتەوە کە سزاکەی پەسەند کراوە.
ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن دادگایەکەوە لە شاری هەکاریدا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی پارێزەرەکەی تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دادگای پیاچوونەوە.
مەهیار ئەحمەدی دوای دەستبەسەرکران بۆ ماوەی چەند حەفتە لە زیندانێکی شاری هەکاری ڕاگیرا و دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری وان و لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» لە لایەن دادگایەکی تورکیاوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و بەم دواییانە سزاکە لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی وانەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.
مەهیار ئەحمەدی پاییزی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و ئاشکرابوون لە لای دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، بە ناچار بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچی کرد. ئەم چالاکە ژینگەپارێز و زیندانییە سیاسییە پێشووە لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لەبەر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناچار هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشت و لە کاتێکدا کە بە تەما بوو لە ڕێگای تورکیاوە خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا، لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرا.
ئەم چالاکە کوردە پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦دا (٦ی فێبرییەی ٢٠١٨) بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢ مانگ دەستبەسەربوون بە دانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا. دواتر لە خاکەلێوەی ١٣٩٧دا (ئاوریلی ٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە گوڵانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
بابەتی پەیوەندیدار
-
فاتمە داوەند، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزان، لەگەڵ منداڵەکەیدا لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرا
-
مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی زانیار عەزیزنژاد، پەناخوازی سیاسیی کورد لە تورکیا
-
ئەمیر کەهریزی، پەناخوازی سیاسیی کورد، لە کەمپی شاری ئاگریی تورکیا مانی لە خواردن گرت
-
دەستبەسەرکردن و مەترسیی گەڕاندندنەوەی زۆرەملێی بنەماڵەیەکی پەناخوازی سیاسیی کورد لە تورکیا
-
مەترسیی جیاکردنەوەی دوو منداڵ و دوو دایکی زیندانیی سیاسی لە زیندانی قەرچەک
-
دەوڵەتی تورکیا ٩ پهناخوازی دهستبهسهركراوی كوردی دیپۆرتیسووریا کردووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە