سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی سووسەن حەسەنزادە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» بەبێ ئامادەبوونی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکان»یشی لەسەر لاچوو.

سووسەن حەسەنزادە، خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٣ (١٥ی مەیی ٢٠٢٤) لە شەقامێکی ئەم شارەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

ئەم مامۆستا کوردە بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرایە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و شەوانە دەگەڕێنرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان. سووسەن حەسەنزادە ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

سووسەن حەسەنزادە کە ١٧ ساڵە لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە و خراوەتە بەر لێپرسینەوە.