مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بەڕێوە چووە و ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

مەنیژە خۆشنوود ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣١ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ و ڕۆژی دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.