زەهرا ساجدی‌نیا، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە سەرەتای ڕەزبەری ئەمساڵدا (کۆتایی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بەڕێوە چووە و ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە کە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی حوکمەکە، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

زەهرا ساجدی‌نیا ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣١ی جولایی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.