پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان و وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی زیندان» هەرکامە سزای ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
ڕوونکردنەوە: لەم دۆسیە هاوبەشەدا، سزای بەندکران بۆ سێ زیندانیی سیاسیی دیکەیش دەرکراوە. بەپێی حوکمەکە، نەرگس محەممەدی و مەحبووبە ڕەزایی هەرکامە سزای ٦ مانگ و پەریوەش موسلیمی سزای ٣ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لە دادگای کەیفەریی دووی کۆمەڵەی دادوەریی قودسی تاران بەڕێوە چووە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) حوکمەکە لە زیندانی ئێڤیندا پێیان ڕاگەیەنراوە.
ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کە ئامادە نەبوون لە دانیشتنەکەی دادگادا بەشداری بکەن، بەپێی حوکمەکە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی زیندان» هەرکامە سزای ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە بۆیان کرایەوە کە لە هەڵمەتێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی یارسان، بەندکراوانی سیاسیی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین گرد بوونەوە و هێزەکانی گاردی زیندانیش هێرشیان کردە سەریان.
وریشە مورادی کە بە تۆمەتی «بەغی» لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣وە (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا بە شێوەی بێسنوور مانی لە خواردن گرتووە و تا ئێستا دوو دانیشتنی دادگاییکردنی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چووە.
پەخشان عەزیزی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٢٣ی جولایی ٢٠٢٤) دوای ساڵێک دەستبەسەربوون بە تۆمەتی «بەغی» و «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.