موستەفا حەمدی، چالاکی بواری ڕاگەیاندن و بەرپرسی گرووپی تێلێگرامیی «پورسمان»ی شاری سەقز، لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە گردبوونەوەی نایاساییدا، سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی ٢ی سەقز بەڕێوە چووە و ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

دەوترێت جەعفەر تەوان، قایمقام (فەرماندار)ی سەقز، دەوری سەرەکیی هەبووە لە دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازیدا بۆ ئەم چالاکەی بواری ڕاگەیاندن.

موستەفا حەمدی لە خەرمانانی ئەمساڵیشدا (سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە دۆسیەیەکی دیکەدا و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران، حوکمەکەی گۆڕیبوو بۆ ٧٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای پارە.

موستەفا حەمدی ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە تەلاری میلادی شاری سەقزدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دوای چەند ڕۆژێکیش لەوێوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کرا و ڕۆژی ٢٢ی گوڵان (١١ی مەی) بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە پێشتر و لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای ئەوەی تانەی لەو حوکمە دا، دۆسیە کە نێردرایە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان و لەم دادگایەدا هەموو تۆمەتەکانی لەسەر لاچوو و ئەستۆپاکیی ڕاگەیەنرا.

موستەفا حەمدی هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جاری دیکە بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.