ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، ئەمڕۆ شەممە ١١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران چووە بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە و لەوێوە ڕەوانەی زیندانی ژنانی ئەم شارە کرا. هاوکات ژمارەیەک لە چالاکانی ژنیش تا بەردەم دادگا ڕەوانەیان کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی سنە ڕۆژی یەکی گەڵاڕێزان (٢٢ی ئۆکتۆبەر) لە بانگهێشتنامەیەکدا داوای لەم چالاکەی مافەکانی ژنان کردبوو لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە سەردانی ئەو لقەی دادگا بکات.
ژینا مودەڕیس گورجی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسیبووی: «ئەمڕۆ دەڕۆمە زیندانێک کە پەراوێزەکان و هەڵاواردنەکان تێیدا سێ هێندەیە؛ زیندانی ژنانی سنە. پەراوێز و هەڵاواردنی ڕەگەز، چین و نەتەوە. بەمەشەوە کاتێک کەلوپەلەکەم بۆ زیندان ئامادە دەکرد، زیاتر لە هەمووشت هیوام لە جانتاکەمدا هەڵگرت. من بە هیواوە دەڕۆمە زیندان».
ژینا مودەڕیس گورجی لە لایەن دادگای یەکەمەوە (لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە) سزای ٢١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی هەمەدانی بە سەردا سەپابوو، دواتر لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان سزاکەی گۆڕی بۆ ٢٨ مانگ بەندکران. بەپێی حوکمەکەی دادگای پیاچوونەوە، تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» لەسەر ئەم چالاکە مەدەنییە لابرا و بۆ هەردوو تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ١٦ مانگ و ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزاکە واتە ١٦ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بزاڤی ژنانی کوردستان و ئێران، یەکەم جار لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەڵاڕێزاندا (١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دواتر تۆمەتی دیکەی ڕووبەڕوو کرایەوە و هەر بۆیە ڕێژەی بارمتەکە بەرز کرایەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.
ئەم ژنەچالاکە کوردە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٨٤ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ی جولایی ٢٠٢٣) بە بارمتەی قورسی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا. ژینا یەکەم مانگی دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە و لە دۆخێکی دژواردا تێپەڕاندبوو.
ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بوو. هەروەها خاکەلێوەی ئەمساڵ (ئاوریلی ٢٠٢٤) کتێبفرۆشیی «ژیرا» بە سەرپەرشتیی ژینا مودەڕیس گورجی، لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکانی سنەوە (ئەماکن) بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» بۆ ماوەی چەند ڕۆژ داخرا.
یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەکبەری، دووهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) و سێهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە هەمان دادگا و بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو.
لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٤)، ژینا مودەڕیس گورجی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» سزای ١٠ ساڵ بەندکران، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» سزای ١٠ ساڵ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی حوکمەکە، «دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت»، «بەشداریکردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی دروشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە»، «پێوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژەشۆڕشدا»، «بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتیدا»، «بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا» وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەنرابوو.
دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە. ئەم دادگایە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەندکردنی ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی «ئەگەری چالاکیی تێکدەرانەی ئەمنی» وەکوو «خراپەکاریی ئەمنی» وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری دابوو کە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.