کەیوان ڕەحیمی، چالاکی بواری ڕاگەیاندنی خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هاوکات خودی دادگا نیوەی کۆی سزاکەی خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی کەیوان ڕەحیمی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر موجتەبا غەفاری بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر (١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەنرا کە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی حوکمەکە، ئەم چالاکە کوردە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و هاوکات هەمان دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران، نیوەی کۆی سزاکەی خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

کەیوان ڕەحیمی ڕۆژی ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣ (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی سنە و بانە، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.