مورتەزا سەیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی کامێران، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی سێهەمی جێبەجێکردنی سزاکانی شاری قودسەوە (قەلعە حەسەن خان) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشت کرابوو.
مەرتەزا سەیدی ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٢) لەگەڵ چەند چالاکێکی کرێکاریی دیکەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢١ی گوڵانی هەمان ساڵ (١١ی مەیی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژانی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ و ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٢ (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ١٦ی مەیی ٢٠٢٣) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شەهریار بە سەرۆکایەتیی دادوەر بەهرام پەناهی بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بەڕێوە چوو. ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٢٤ی مەیی ٢٠٢٤) بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دوای ئەوەی تانەی لە حوکمەکە دا، لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.