وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد ە ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ٢٧ی جۆزەردان (١٦ی ژوئەن) و ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا (٥ی ئۆکتۆبەر) بەڕێوە چوو و ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبەر) بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنراوە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن بە وریشە مورادی نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدرا. هەروەها پارێزەرەکانی کە پێشتر مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدرابوو، دوای کۆتاییهاتنی دووهەم دانیشتنی دادگا تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک توانیبوویان دۆسیەی پارێزوانەکەیان بخوێننەوە.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لە کاتێکدایە کە پێشتر لە سزانامەکەدا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی کرابوو کە دوایین سزاکەی ١٥ ساڵ بەندکرانە، بەڵام دادوەر سەڵەواتی لە پرۆسەیەکی نایاساییدا و بەپێی مادەی ٢٨٧ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم دادوەرە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ئەمساڵیشەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) وریشە مورادیی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کردووە.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر هێشتا ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە مابێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە نەمابێت سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت».

بەڵام مادەی ٢٨٧ی ئەم یاسایە دەڵێت: «گرووپێک کە لە دژ بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕینی چەکداری دەکات بە باغی لە قەڵەم دەدرێت و ئەگەر چەک بە کار بهێنێت، ئەندامەکانی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت».

وریشە مورادی ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە کە دوای مانگرتنەکە تووشی بووە، ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا و دوای شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانەدا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

وریشە مورادی چەند ڕۆژێک دوای دەسپێکردنی مانگرتنەکەی و لە دووتوێی نامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە کە «ڕادیۆ زەمانە» بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: «با نەهێڵین شەڕی هەرێمی و سەرووسنووری بێتە هۆی داپۆشینی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکان. هەوڵی مانگرتنی من هەر لەم پێناوەدایە. بە هەر شێوەیەک بووە ناهێڵین دەنگی خەباتکارانی ناوخۆ کە بوێرانە ڕاوەستاون، لە ناو جەنجاڵی شەڕ و یارییە بێئەنجامەکاندا ون بێت». هەروەها جەختی کردبۆوە کە وەک پاڵپشتییەک لە کەمپەینە جیهانییەکانی «نا بۆ سێدارە» مانی لە خواردن گرتووە.

لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٣ی مەی) بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی ئەو زیندانە. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) کە بڕیار بوو دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە بچێت، ئامادە نەبوو بەشداریی دادگاکە بکات و لە بەرگرینامەیەکدا کە ڕووی لە ڕای گشتی بوو، لە ماڵپەڕی «بیدارزنی»دا بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە مورادیدا لە کۆبوونەوەکەی دادگادا بەشداری ناکات.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) کە بڕیار بوو دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە بچێت، ئامادە نەبوو بەشداریی دادگاکە بکات و لە بەرگرینامەیەکدا کە ڕووی لە ڕای گشتی بوو، لە ماڵپەڕی «بیدارزنی»دا بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە مورادیدا لە کۆبوونەوەکەی دادگادا بەشداری ناکات.
وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.