عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستاندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ٢٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر موستەفا عەزیزی بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٧ی نۆڤامبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.
بەپێی حوکمەکە، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستاندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای یەک ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە. ئەم چالاکە کوردە دوای چەند حەفتە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم ئەندامەی کەمپەینی «ژیانەوەی کوردستان»، پێشتریش چەندین جاری دیکە دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لە یەکێک لە دوایین جارەکان و لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی ١٤٠٠دا (٨ی مەیی ٢٠٢١) لەگەڵ ٦ ئەندامی دیکەی ئەم کەمپەینەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢١) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
کۆتاکۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ چالاکوانە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (١٤ی مارسی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو. لە کۆتایی گوڵانی ١٤٠١دا (ناوەڕاستی ژوەنی ٢٠٢٢) ئەو دادگایە بە عەلی ئەڵڵاوەیسیی ڕاگەیەند کە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە، دوای تانەدان لە حوکمەکە، لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان سزاکەی گۆڕی بۆ ٥ مانگ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو.
ئەم چالاکە مەدەنییە خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی حوکمەکە لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.