سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین» کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە دەر کرابوو، لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) حوکمەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرانی ئەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە.
سروە پوورمحەممەدی پێشتر و لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
سروە پوورمحەممەدی ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هەندێ لە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنی نۆژین سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.