چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە سزای دابڕاندنی هەمیشەیی، دەرکردن و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپا. هەروەها بڕیاری دەرکردنی چالاکێکی پیشەیی دیکەی مامۆستایانی کوردستان بە ناوی لەیلا سەلیمی کە پێشتر هەر لە لایەن ئەم لیژنەیەوە دەر کرابوو، لە لیژنەی پیاچوونەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٢ مانگ دابڕاندن لە کار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە خەرمانانی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٤) دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایان لە لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستاندا بەڕێوە چوو و ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بڕیارەکەیان پێ ڕاگەیەنرا.
بەپێی حوکمەکە، بڕیاری دابڕاندانی هەمیشەیی لە کارکردن لە دامودەزگا دەوڵەتییەکان و هەموو دامودەزگایەکی ئاماژەپێکراوی ناو یاساکە بەسەر ئومید شامحەممەدیدا سەپاوە، هاوکات کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە کار دەر کراون و پەرویز ئەحسەنییش سزای پێنج ساڵ دوورخستنەوە بۆ قوتابخانەکانی قوروەی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها لەیلا سەلیمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایانی خەڵکی سنە کە سەرەتای ئەمساڵ لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە لە کار دەر کرابوو، سزاکەی لە لیژنەی پیاچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریدا گۆڕدرا بۆ ٢ مانگ دابڕاندن لە کار. ئەم مامۆستایە دوکتورای لە بەشی بەڕێوەبردندا هەیە.
ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) بە هۆی چالاکیی پیشەیی و بەشداریکردن لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.
ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدا، هەرکامە بە بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
دواتر و لە دانیشتنی دادگاییکردنیاندا کە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێوە چوو، ئومید شامحەممەدی سزای ساڵێک بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا و پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشییش هەرکامە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٤ ساڵیان بەسەردا سەپا.
ئومید شامحەممەدی ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٨ی ئاوریلی ٢٠٢٤) بۆ جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی بیجاڕ کرا و دوای چەند مانگێک بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە لە زیندان ئازاد کرا.