حاجی بەرزە، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی پیرانشار و ئەندامی ڕێکخراوەی فێرکاریی زمانی کوردیی «بەیان»، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە چەند حەفتەیەک لەمەوپێش لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەمیر محەممەدی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپابوو.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای پەسەندکرانی حوکمەکە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا. شایانی باسە کە باپیر بەرزەی برای ئەم زیندانییە سیاسییەیش پێشتر و لە بەفرانباری ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی ئەم زیندانە کرابوو.
حاجی بەرزە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ گوڵانی ١٤٠٣ (٨ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم چالاکە مەدەنییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٢٧ی مەیی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.