ئەژدەر پیریی سارمانلوو، سەرنووسەری مانگنامەی نێونەتەوەیی «پژوهش ملل»، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کەرەجەوە سزای ساڵێک بەندکران و سزای تەواوکەری دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و ئینتەرنێتی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم ڕۆژنامەوانەی خەڵکی چاڵدێران لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵدا (کۆتایی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کەرەج بەڕێوە چووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنراوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئەژدەر پیریی سارمانلوو بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران و سزای تەواوکەری دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و ئینتەرنێتی بەسەردا سەپاوە.
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج و بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەم دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر لێپرسینەوە، پاشان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرا.
ئەژدەر پیریی سارمانلوو ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٥ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.