ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، دەقێکی لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بە شێوەیەکی نایاسایی بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» بانگهێشتی کردووە و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەر کردووە.

بە وتەی ئەمجەد ئەمینی، ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دادسەرای سەقز لە بانگهێشتنامەیەکدا پێنج ڕۆژ مۆڵەتی پێ داوە ئامادەی بەردەم دادسەرا بێت و ئەویش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانبار (١٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) سەردانی دادسەرای کردووە. لەم دانیشتنەدا بەپێی دەقی بانگهێشتنامەکە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ»ی پێ ڕاگەیەنراوە.

ئەمجەد ئەمینی لە درێژەدا نووسیویەتی: «هێشتا ٤٨ کاتژمێر تێ نەپەڕیبوو کە لاپەڕەیەک [بانگهێشتنامەیەک]ی دیکەم بۆ هات؛ بۆ تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» بڕیاری ئەستۆپاکی دەر کراوە، بەڵام بۆ تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» کە نە لە بانگهێشتنامەکەدا بوو و نە لێپرسەوەکە پێی ڕاگەیاندبووم، بە تاوانکار لە قەڵەم دراوم و بڕیاری دەستبەسەرکردن بە مەبەستی دادگاییکردنم بۆ دەر کراوە!».

لە درێژەی ئەم ڕەوتە دژەیاسایی و دژوازە لە دەرکردن و ڕاگەیاندنی تۆمەتدا، ئەمڕۆ هەینی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) ئەمجەد ئەمینی ئاگادار کراوەتەوە کە لە دادگای کەیفەری و شۆڕشی ئیسلامیدا دۆسیەی بۆ کراوەتەوە. بە وتەی خۆی، ئەم دۆسیەیە دوابەدوای بڵاوکردنەوەی دەقێک لە ئینستاگرامدا بووە کە دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا بڵاوی کردووەتەوە.

لە کاتی کوشتنی حکوەتیی ژینا ئەمینییەوە لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٢) تا ئێستا، ئەندامانی بنەماڵەکەی بەردەوام لەژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوون و چەندەها جار ڕووبەڕووی بانگهێشت، هەڕەشە، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران، دەستبەسەرکردن و سزادان بوونەتەوە.