ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) ئەم هاووڵاتییە ٥٧ ساڵەیە دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.

دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە دادخوازە لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی فەخری بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای هاندانی کاسبکارانی بازاڕەوە بۆ مانگرتن دادگایی کرا و سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەحمەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

پێشتریش لە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٣٠ی جولایی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا بنەماڵەی حەسەنزادە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و وێڕای پەلاماردان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکە، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادەی کچیان دەستبەسەر کرد.

دایە عەزیمەی دایکی محەممەد حەسەنزادەیش لەم هێرشەدا کەوتە بەر پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی قولیپووری بۆکان کرا. ئەحمەد و سوڵماز حەسەنزادە بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٠ و ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٣١ی جولای و ١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ ئازاد کران.

محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری بۆکان بە چەقۆ کوژرا. دامودەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی محەممەد حەسەنزادە دەستبەسەر کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەمەیان وەک سیناریۆسازییەکی ئەمنی لە قەڵەم داوە و خودی ئەو دامودەزگا ئەمنیانەی حکومەت بە بەرپرسیاری کوشتنی کوڕەکەیان دەزانن.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.