ئارەزوو و ئەفشین مینبەری، خوشک و برای پەیمان مینبەری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لەگەڵ سێ خزمی دیکەیاندا بە ناوەکانی ڕەحیم مینبەری، کەریم مورادی و سەباح مینبەری، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە خراونەتە بەر هەڕەشە و گوشارەوە و بۆ سێ کەسیشیان لە فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی سنەدا دۆسیەی یاسایی کراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەحیم مینبەری، کەریم مورادی و سەباح مینبەری بانگهێشتنامەیەکیان لە لایەن لقی دووهەمی لێپرسینەوە دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی» پێ گەیشتووە. هاوکات ڕەحیم مینبەری بۆ دۆسیەیەکی دیکەیش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بانگهێشتی بەردەم دادگا کراوە.
کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە تەلەفۆن ئارەزوو و ئەفشین مینبەری، خوشک و برای گیانبەختکردوو پەیمان مینبەرییان بۆ بنکەی هەواڵگریی ئەم دەزگا ئەمنییە بانگهێشت کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون ئەگەر درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازی و سکاڵای یاسایی دەبنەوە.
هەروەها لە درێژەی ئەم زەخت و گوشارانەدا، پووشپەڕی ئەمساڵ (ژوەنی ٢٠٢٤) دامودەزگا ئەمنییەکان دەستیان گرتووە بەسەر پاسپۆرتەکەی ڕەحیم مینبەریدا.
پەیمان مینبەری، هاووڵاتیی ٢٥ ساڵانی خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە شەقامی وەکێڵی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.