دانیشتنی دادگاییکردنی حەوت چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی فاتمه زەندکەریمی، زارا محەممەدی، سوهراب جەلالی، موختار ئەسەدی، کەمال فەکووریان، جەمیل ئەمینی و جەمال ئەسەدی لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو و ئەم چالاکوانانە دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

دەوترێت دوابەدوای بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزایی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە بەردەم بینای پارێزگای کوردستاندا دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیدا، پرۆسەی تۆمارکردنی سکاڵا و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ ئەم چالاکە مەدەنیانە کەوتووەتە گەڕ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم حەوت چالاکوانە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بانگهێشتی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کرابوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٣ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای ئامادەبوونی ئەم هاووڵاتیانە لە بەردەم دادگادا، لەسەر بەشداریکردنیان لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣دا (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لێپرسینەوەیان لێ کراوە و دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سەپاندن و پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بووەتە هۆی ناڕەزایی بەربڵاوی هاووڵاتیان و چالاکانی کوردستان. ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) مانگرتنێکی بەربڵاو دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان هەندێ لە شارەکانی کوردستانی گرتەوە، دامودەزگا ئەمنییەکانیش لە ڕێگای بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتی و کاسبکاری ئەو شارانەوە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و دۆسیەسازییان لێ کردبوون.