دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «ئامادەبوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی حیجابی شەرعی» سزای هەشت مانگ بەندکران و پێبژاردنی یەک میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم دایکە دادخوازە ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەهدی فەخری و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و بڕیارەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی زارەکی پێ ڕاگەیەنراوە.
دایە مینا بە هۆی دادخوازی و چالاکییەکانیەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان بووەتەوە. ئەم دایکە دادخوازە شەوی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢١ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
دایە مینا لە کاتی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.
شەهریار محەممەدی ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە بۆکان بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای ئەوەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.