داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پەرهام پەروەری، زیندانیی سیاسیی کورد، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە قبووڵ کرا و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرا.
مازیار تاتایی، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو)، نووسیویەتی: «سێیەم داوای پێشکەشکراو بۆ دادگاییکردنەوەی پارێزوانەکەم پەرهام پەروەری، لە لایەن لقی لێکۆڵەرەوە لە دیوانی باڵای ئێراندا قبووڵ کرا. دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای دەرکراو، هیوادارم لقی هاوتەریبیش بە هۆی نەبوونی بنەما یاساییەکانی تاوانی موحارەبەوە بڕیاری بێتاوانی و ئەستۆپاکی بۆ پەرهام دەر بکات».
پەرهام پەروەری، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە تاران، پێشتر لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتەکانی «موحارەبە» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ١٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی جاسکی پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپابوو.
ئەم وەرزشکارە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی سەقز ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتبووە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە چەشنێک کە ئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە تا ئێستایش لەسەر جەستەی ماوەتەوە. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لە بەندی ٢٠٩، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی فراوانەوە.
دواتر دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کردەوە و لە رێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە کرا و ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٣) سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
دانیشتنی دادگاییکردنی پەرهام پەروەری ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٣) بە ئامادەبوونی مازیار تاتاییی پارێزەری لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو و دواجار ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) بڕیارەکەی دادگا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنرا.
دوای ئەوەی پارێزەرەکەی تانەی لە بڕیارەکە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران و لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٣) سزاکە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
پەرهام پەروەری ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ (١٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە زیندانی ئێڤینەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان. ئەم زیندانییە سیاسییە کە بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران لەم زیندانەدا ڕاگیراوە، لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) کەوتە بەر پەلامار و لێدانی چەند بەندکراوێکی دیکەوە.
پەرهام ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زیندانی ئێرانشارەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی زاهیدان و ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٩ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێرانشار.