عەبدوڵڵا ڕەزایی، چالاکی پیشەیی مامۆستایانی خەڵکی هەرسینی کرماشان، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە پیشەییە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٥ی مارسی ٢٠٢٥) لە بانگهێشتنامەیەکدا بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی هەرسین بانگهێشت کرابوو.
عەبدوڵڵا ڕەزایی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥) سەردانی دادسەرای هەرسینی کردووە و دوای ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەت بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی نایاساییەوە لە لایەن یوونس عەباسیی داواکاری گشتیی هەرسینەوە ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.
عەبدوڵڵا ڕەزایی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی هەرسین، لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانیەوە چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.
