بەپێی ڕاگەیاندننامەی جێگری داواکاری گشتیی ورمێ بۆ سێ بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان، لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکاران لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا، سزاکەیان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) ئەم سێ بەندکراوە بانگهێشت کراون بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕاگەیاندننامەکەی جێگری داواکاری گشتیی ورمێیان پێ ڕاگەیەنراوە. بەرپرسانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان پێیان ڕایانگەیاندوون کە لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارانی دۆسیەکە لەو ماوە دیاریکراوەدا، سزاکەیان کە بڕینەوەی ئەندامی جەستەیانە هەر لەم زیندانەدا جێبەجێ دەکرێت.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراوی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرابوو.
دوابەدوای بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم دوو برا بەندکراوە، هادی ڕوستەمی، مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکەیان هۆشدارییان دابوو.
هادی ڕوستەمی، مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند، خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و ڕۆژی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزا دران بە «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بە شێوەیەک کە تەنها پەنجە گەورەکە و ناودەستیان بمێنێتەوە» و «قەرەبووکردنەوەی کاڵای دزراو».
دۆسیەی ئەم بەندکراوانە دوای تانەلێدان ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کرا و لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩دا (١٠ی مەیی ٢٠٢٠) لقی ١٣ی ئەو دیوانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەلی شووشتەری» سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە.
لە ئێستەدا لانیکەم ٥ بەندکراوی تۆمەتبار بە «دزی» بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، ٣٤ ساڵان، مێهدی شەرەفیان، ٣٨ ساڵان، مێهدی شاهیوەند، ٤٣ ساڵان، کەسرا کەرەمی، ٤١ ساڵان و مورتەزا ئیسماعیلیان، ٤٤ ساڵان، بە سزای «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست»ـەوە لە زیندانی ورمێدان.