دانیشتنی دادگاییکردنی هەشت چالاکی کرێکاری و مەدەنی بە ناوەکانی سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حسەینی، جەمال ئەسەدی، فەرشید عەبدوڵڵاهی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی و ئارمان سەلیمی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بەڕێوە چوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکانە بە تۆمەتەکانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» دادگایی کراون.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣دا (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دانیشتنی ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتیانە لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوە چووبوو و هەرکامە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرابوون.
ئەو دادگایە بەشداریکردنی ئەم هاووڵاتیانەی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دایکێکی دادخوازی شاری سنەدا وەک بەڵگەی ئەو تۆمەتانە ڕاگەیاندبوو.
فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییە و سووسەن ڕازانی، سەیدخالید حسەینی، ئێقباڵ شەبانی، فەردین میرەکی، شەیس ئەمانی و جەمال ئەسەدییش لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی سنەن.