لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەرکردنی سومەییە ئەختەرشومار، مامۆستای ٣٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان کە پێشینەی ١٧ ساڵ مامۆستایەتیی لە دەزگای پەروەردە و فێرکاریدا هەیە، لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بڕیارە ڕۆژی ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی دادی ئیداریی ئێرانەوە دەر کراوە و لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بە شێوەی نووسراو بە خۆی ڕاگەیەنراوە.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (١٧ی مارسی ٢٠٢٤) لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستان بڕیاری دابوو بە دەرکردنی ئەم مامۆستا کوردە.
سومەییە ئەختەرشومار تۆمەتبار کراوە بە «لایەنگریکردن و پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکان»، «بڵاوکردنەوەی بابەتی سووکایەتیئامێز و هەواڵی درۆ دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران»، «ئەندامبوونی چالاکانە لە کاناڵەکانی ئەنجومەنی پیشەیی نایاسایی مامۆستایاندا»، «داڕشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی وانەی زمانی ئینگلیزی بە ئاڕاستی پاڵپشتیکردندا لە ئاژاوەگێڕەکان» و «پاڵپشتیکردن لە گرووپە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا».