ئەمجەد گریاخیز، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای ٦ مانگ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە کۆمەڵەتۆمەتێکی ڕووبەڕووی ئەم چالاکوانە کوردە کردووەتەوە کە یەک لەوانە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ـە، بەو پێیەش سزای ٦ مانگ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاندووە و بڕیارەکەی ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٧ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیاندووە.
ئەمجەد گریاخیز ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە هۆی مانگرتنە گشتییەکەی دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.
ئەم هاووڵاتییە دوای چەند حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا و ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.