دیاکۆ یەزدانپەنا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە بانگهێشت کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٧ی ژوەنی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی بۆکان دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە بە تۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا» خرابووە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونییەوە. بە گوێرەی ئە وێنانەی بە دەستمان گەیشتووە، ئاسەواری ئەشکەنجەکانی لێپرسەوە ئەمنییەکان بەسەر جەستەیەوە دەبینرێت.
ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهی و لەوێیش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە تۆمەتی «هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی» خرایە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە، پاشان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.
دیاکۆ یەزدانپەنا ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دانیشتنی دادگاییکردنیشی ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» و «هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی» بە ڕیز سزای دوو ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم هاووڵاتییە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە دووتوێی بانگهێشتنامەیەکدا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە لە بەرواری ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (١٨ی ژوەنی ٢٠٢٥)، لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکانەوە بانگهێشت کراوە.