مامۆستا بەرزان مەلێکی، بەرنوێژ و وانەبێژی مزگەوتی جامیعی «شێخەین»ی سنە، لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران و داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بڕیارەکەی دادگا ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٥) لە ڕێگای تەلەفۆن و لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە پێی ڕاگەیەنراوە. کۆتادانیشتنی دادگای ئەم مامۆستا ئایینییە ڕۆژی ٤ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) بەڕێوە چووبوو.

مامۆستا بەرزان مەلێکی پێشتر و لە ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو. هاوکات بانگهێشتنامەیەکیشی بۆ نێردرابوو و داوای لێ کرابوو سەردانی دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان بکات.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە ڕۆژی ٥ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) دوای ئەوەی سەردانی دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانی کرد دەستبەسەر کرا و بە بڕیاری بارمتەی یەک میلیارد تمەنییەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە. دوای ڕۆژێکیش بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان دوای داخستنی جادەی سنە بۆ دێولان، مامۆستا بەرزان مەلێکی و ژمارەیەک فەقێی مزگەوتی جامیعی «شێخەین»ی سنەیان کە بەرەو زاهیدان دەچوون، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرد و ڕێگەیان نەدا درێژە بە سەفەرەکەیان بۆ زاهیدان بدەن.