پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمیی بابامیری لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە و ڕاوێژکاریی ئیسماعیل بەزرکاری، بە گشتی سزای دوازدە جار لەسێدارەدان، چەندەها ساڵ بەندکران و بێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپا. بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکەیش سزای بەندکران و پێبژاردنی پارە دەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بڕیارانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای بەڕێوەچوونی سێ دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین دەر کراوە و ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٧ی جولایی ٢٠٢٥) لە شاری ورمێ بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیەنراوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر ئەشکەنجەدان، وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و سیناریۆسازیی ئەمنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕادەستی دادگا کراون، ئەم بڕیارانەی دەر کردووە.

سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بە تۆمەتی «بەغی»، «موحارەبە» و «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، هەرکامە سزای سێ جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «بەغی» و «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، سزای دوو جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. تەیفوور سەلیمیی بابامیرییش کە پێشتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو، بە تۆمەتی «بەغی» و «پێکهێنان و سەرکردایەتیکردنی گرووپی تاوانکاری باغی» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، سزای دوو جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم پێنج زیندانییە سیاسییە جیا لە سزای لەسێدارەدان، بە هەندێ تۆمەتی وەک «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووسادەوە لە بواری هەواڵگریدا»، «بەشداریکردن لە قاچاخی ١٢٠ ئامێری سەتەلایتی ستارلینکدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» سزای ٥ تا ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٣ میلیارد و ٥٨ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپاوە.

پێشتریش پژمان سوڵتانی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە بە تۆمەتی «بەڕێوەبەرایەتی لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بەسەردا سەپابوو. هەروەها هەر لەم دۆسیەیەدا ڕزگار بەیگزادەی بابامیری بە تۆمەتی «دەستووردان بۆ کوشتنی بەئەنقەست» سزای ١٥ ساڵ و عەلی (سۆران) قاسمییش بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لە کوشتنی بەئەنقەستدا» سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو. چوارەم کەسی ئەم بەشە لە دۆسیەکە، واتە کاوە ساڵحی، هەموو تۆمەتەکانی لەسەر لاچووبوو و ئەستۆپاکیی ڕاگەیەنرابوو.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ هەروەها بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی، سواره عەزیززادە، هێمن کرمانج، حسەین حسەینزاده، جەلیل مەولوودی، ئەحمەد مامەزاده، جوامێر مام‌خەسرەوی و سالار داغدار، بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «ئەندامبوون لە گرووپی باغیدا» لەژێر ناوی «ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک»دا، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییلدا» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای بەندکران و بێبژاردنی پارەی دەر کردووە. حەوت لەم کەسانە پێشتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

هەروەها دوکتور سەلاحەدین ئەحمەدی کە تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکەیە، ئەستۆپاکیی لە هەموو تۆمەتەکانی ئەم بەشە ڕاگەیەنراوە، بەڵام دۆسیەیەکی جیاوازی بۆ کراوەتەوە و نێردراوەتە بەردەم دادگای کەیفەری، لەم دۆسیەیەدا تۆمەتی «دابینکردنی پارە بۆ تیرۆریزم» ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دۆسیەی ئەم ١٤ هاووڵاتییە لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێوە لە دووتوێی ٣٣ بەرگدا ئامادە کراوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، هەرهەموو بەڵگەکانی ناو دۆسیەکە لەسەر بنەمای ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دانپیانانی تۆمەتباران لە دەستبەسەرگەی ئەو ئیدارەیەدا ئامادە کراوە و هیچ جۆرە بەڵگە و هۆکارێکی سەربەخۆ و متمانەپێکراو ڕادەستی دادگا نەکراوە.

بۆ وێنە، هەندێ لە تۆمەتباران هەرتەنها چەند ئامێرێکی وەرگرتنی ئینتەرنێتی ستارلینکیان لێ گیراوە و هەندێکی دیکەیشیان تەنها لەبەر ئەوە دەستبەسەر کراون کە پیشەیان دامەزراندنی سەتەلایت بووە. کەچی سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، دەستبەسەر کراون و بە کۆمەڵەتۆمەتێکی قورسی ئەمنی و سیاسی دادگایی کراون.

ئەم ١٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بۆکان لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەم کەسانە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراون ددان بە تاوانکاربوونی خۆیاندا بنێن. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.

هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا دانپیانانی زۆرەملێی چوار لەم هاووڵاتیانەی بڵاو کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان ڕایانگەیاندووە کۆی دانپیانانەکان کە لە لایەن دادگاوە کراونەتە بنەمای سەپاندنی ئەو سزا قورسانە، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون.

ڕوونکردنەوە

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ دوازدە سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو هاووڵاتیانەدا سەپاندووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر تێ گەیشتین کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بۆ ٥ کەس لەم هاووڵاتیانە بە گشتی ١١ سزای لەسێدارەدانی دەر کردووە و پێشتریش دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزایەکی لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ یەک لەو کەسانە دەر کردبوو.

لەم دۆسیەیەدا بە گشتی ١٢ سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە دەر کراوە.