ئەمجەد گریاخیز و قانیع خاتری، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٧ی جولایی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمجەد گریاخیز، چالاکی کرێکاری، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ بەندکران کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هاندانی کاسبکاران بۆ مانگرتن» بەسەریدا سەپابوو، ڕەوانەی زیندان کرا. ئەم هاووڵاتییە هەروەها سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویشی بەسەردا سەپاوە.
ئەمجەد گریاخیز ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بە هۆی مانگرتنە گشتییەکەی دژ بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا. پاش چەند حەفتەیەکیش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا و ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
هاوکات چالاکێکی مەدەنیی دیکەیش بە ناوی قانیع خاتری بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر موستەفا عەزیزی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
قانیع خاتری ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم چالاکوانە کوردە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ (٢٠ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا و دەرکردنی دوابڕیار، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.