بەفرین مەعرووفی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی بۆکان، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) بەفرین مەعرووفی کە لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکرانی تێ دەپەڕاند، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە زیندان ئازاد کراوە.
ئەم هاووڵاتییە ٤٣ ساڵەیەی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. دواجار ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
بەفرین مەعرووفی دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەتن (کەیفەری)ی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سزای ٤ مانگ و ٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.