دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی ورمێ و سەڵماس بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە و شاهین وەساف کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو و دوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە دۆسیەکانیان نێردرابووە بەردەم دادگای هاوتەریب، پاش دادگاییکردنەوە لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێدا، بە ڕیز سزای لەسێدارەدان و ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم دوو بەندکراوە کە لە بەندی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان کراون و حوکمەکانیان پێ ڕاگەیەنراوە. بە گوێرەی بڕیارەکە، ناسر بەکرزادە جارێکی تر بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەدا سەپاوە و شاهین وەسافیش بە هەمان تۆمەت سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ دەر چووە».
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم دوو بەندکراوە کە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٥) لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بەڕێوە چووبوو.
ناسر بەکرزاده ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتەیەک بەڵێنی هاوکاریکردنی بە دامودەزگا ئەمنییەکان دا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بەڵام لە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵدا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) دیسان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند مانگێک مانەوە لە دەستبەسەرگەی سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای تانەدانی پارێزەران و هەناردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی باڵای ئێران، دواجار لقی ٣٩ی ئەم دیوانە سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرد.
ئەمیر ڕەییسیان، پارێزەری ناسر بەکرزاده، خاکەلێوەی ئەمساڵ (ئاپریلی ٢٠٢٥) لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) نووسیبووی: «چاوەڕوانین دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقێکی دیکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، پرۆسەی لێکۆڵینەوەی هاوتەریب دەست پێ بکات. ئاغای بەکرزادە لاوێکی ٢٥ ساڵەیە کە لە شاری ورمێدا بۆ خاوەنکارێکی بیانی لە بواری گەشتیاریدا کاری کردووە و دامودەزگا ئەمنییەکان بە گومانی ئەوەی کە زانیاریی نهێنی و بەڵگەی پۆلێنبەندیکراوی بۆ کەسانی بیانیی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی ناردووە، لێپێچینەوەی یاساییان لێ کرد و لە گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا (نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕژێمی زایۆنیستی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چوو، ئێمە داوای تێهەڵچوونەوەمان بۆ بڕیارەکە کرد و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران و ئەم دادگایە سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە».
شاهین وەسافیش کە خەڵکی سەڵماسە، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.
ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوو و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ پارێزراوی دیاریکراوی خۆی لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە زینداندا دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پێ ڕاگەیەنرا.
دۆسیەکەی ئەم هاووڵاتییەیش دوای تانەلێدان ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا و لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (ئاپریلی ٢٠٢٤) سزاکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی هاوتەریبی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.