هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی ئەحەد سیامی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای چالاکیی چەکدارییەوە دژ بە حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. هاوکات شەش هاووڵاتیی دیکەی هاودۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییەیش بە ناوەکانی هێمن مامقادری، یووسف مامقادری، مەنسوور کەربەلایی، سالار بایزیدی ئازەر، حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەیدڕەحیمی بە تۆمەتی «بەغی» پێش دەستڕاگەیشتن بە چەک، لە لایەن هەمان دادگاوە هەرکامە سزای دە ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتیانە ماوەیەک لەمەوپێش لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بەڕێوە چوو و ڕۆژی شەممە ٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە شێوەی فەرمی بڕیارەکەی دادگایان پێ ڕاگەیەنرا.
کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم و سالار بایزیدی ئازەر، خەڵکی مەهاباد، هێمن مامقادری، یووسف مامقادری و مەنسوور کەربەلایی، خەڵکی بۆکان و حەسەن مامیل ئازەر و سالار سەیدڕەحیمی، خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی»ی میاندواو، سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠١ (جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران. هێمن مامقادری لە کاتی دەستبەسەرکراندا لە جادەی بۆکان بۆ سەقز بە دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووبوو.
ئەم هاووڵاتیانە دوای دەستبەسەرکران گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و چالاکیی چەکداری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران خرانە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.
ئەم هاووڵاتیانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران و کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم ماوەیەک دوای ئازادبوون ئێرانی بەجێ هێشت.
لە نێو ئەم هاووڵاتیانەدا هێمن مامقادری لە ڕابردوویشدا پێشینەی دەستبەسەرکردن و سزادانی هەبووە؛ ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٣٩٦ (١٦ی مەیی ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم بڕیارە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە کەم کرایەوە بۆ ٥ ساڵ بەندکران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتیی دەزگای دادوەری بە بۆنەی کۆرۆناوە، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.