ڕامین خالیدیی حەسەنئابادی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراوە، لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران» سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە ڕەزبەری ١٤٠٤دا (سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بەڕێوە چوو و لە کۆتایی ڕەزبەردا (ئۆکتۆبەر) لە زیندانی نەغەدە بڕیارەکەی پێ ڕاگەیەنرا.
بەپێی ئەو بڕیارە، ڕامین خالیدی بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران» سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ڕامین خالیدیی حەسەنئابادی سەرەتای ئەمساڵ (ئاپریلی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. لەوێ بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا. پاش ئەوەیش کە دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ سزانامەی بۆ دەر کرد، دۆسیەکەی بە مەبەستی دادگاییکردنی کۆتایی ڕەوانەی بەردەم لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ کرا.