محەممەد ڕەزایی، ئەندامی لقی دێولانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی ئەو شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە ماوەیەک لەمەوپێش لە لقی ١٠٢ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی دێولان بەڕێوە چووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیارەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.
ئەنجومەنی نۆژین لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکەدا ڕایگەیاندووە کە محەممەد ڕەزایی، خەڵکی سنە و دانیشتووی دێولان، ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (١٢ی جولایی ٢٠٢٥) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای ٥٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین لە بواری ڕاهێنان و فێرکاریی خۆبەخشانەی زمانی کوردی لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا چالاکە، دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا کێشەی زۆریان بۆ ئەم ئەنجومەنە دروست کردووە و هەندێ لە ئەندامانی ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران بوونەتەوە.