ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین» لە سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی ڕۆژی ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای سنەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سزا بانگهێشت کرابوو.

ئەم چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی شەممە ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٨ی نۆڤامبەری ١٤٠٤) لە لایەن بنەماڵە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژینەوە تا بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە ڕەوانە کرا.

ئیدریس مینبەری ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دواتر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سەرەتا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم بڕیارە دوای تانەلێدان لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای هاوتەریب کرا.

لە درێژەی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و هەر لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» سزای ساڵێک بەندکران و ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵی بەسەردا سەپا.

ئیدریس مینبەری هەروەها لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر بەهمەن ئومێدزادە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ساڵێک بەندکران لە مەنفادا و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.