محەممەد ساڵحی، مامۆستای ئایینیی کورد و بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «کەڵتەگە»ی بۆکان، لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» (گرووپی ئەنسارولسوننە) سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم مامۆستا ئایینییە کە لە کۆتایی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» (گرووپی ئەنسارولسوننە) سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، محەممەد ساڵحی بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «کەڵتەگە»ی بۆکان بوو کە ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەر لەو گوندەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بەبێ ئەوەی مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «دانیشتنی دادگاییکردنی محەممەد ساڵحی دوای نزیک بە ٩ مانگ مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵ (کۆتایی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەر لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنراوە».