شاهین وەساف، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەلماس و دانیشتووی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو و دوای هەڵوەشانەوەی سزاکە لە دیوانی باڵای ئێراندا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، پاش تانەلێدانی جێگری داواکاری گشتیی ورمێ لەو بڕیارە جارێکی تر لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێ دادگایی کرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم بەندکراوە کوردە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «شاهین وەساف ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) ئێرانی بەجێ هێشت و لە تورکیا داوای پەنابەریی کرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دۆسیەیەکی کراوەی هەبوو کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بوو. بەڵام ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە هۆی هەندێ کێشەی خێزانییەوە گەڕایەوە بۆ ئێران و چەند ڕۆژ دوای گەڕانەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، شاهین بۆ ماوەی نزیک بە چوار مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ خرایە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» قبووڵ بکات. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هاوکات باوکیشیان دەستبەسەر کرد و لە ڕێگای هەموو ئەم گوشارانەوە ناچاریان کرد کۆی سیناریۆ داڕێژراوەکەی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات.
ئەم هاووڵاتییە پاش ئەو قۆناغە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٤) سەرباری ئەوەی لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، لە دوو دانیشتنی کورتدا و بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس دادگایی کرا و تەنها لە چەند خولەکێکدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگا، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دۆسیەکەوە بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و دیسان ناردیەوە بەردەم هەمان دادگای یەکەم. لە هاوینی ئەمساڵدا لە لقێکی دیکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی دادگایی کرایەوە و ئەم جارە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. شاهین بەپێی یەکێک لە مادەکانی یاسا داوای قبووڵکردنی بڕیارەکەی پێشکەش کرد و دەبوو بەشێک لە سزاکەی کەم بکرایەتەوە، بەڵام سارخانلوو کە جێگری داواکاری گشتیی ورمێیە تانەی لە بڕیارەکە دا. هەر بۆیە دۆسیەکە جارێکی تر نێردرایەوە بۆ لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران و ئەوانیش دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە ڕادەستی بەردەم دادگای پیاچوونەوەی ورمێ کرد.
ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢١ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) دانیشتنی دادگاییکردنی شاهین وەساف لە لقی یەکەمی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو، بەڵام تا ئێستە بڕیاری کۆتایی دادگاکە ڕانەگەیەنراوە.