ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قووچان و برای مێهدی بەبرنژاد، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)ی ئەم شارەوە بە گشتی سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕەزا بەبرنژاد بەم دواییانە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوان (کەیفەری)ی دووی قووچانەوە بە تۆمەتەکانی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ٥ ساڵ و یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) گەورەترین سزاکە، واتە ٥ ساڵ بەندکران، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دادگاکە هاوکات ٤ ساڵ و ٦ مانگ لە کۆی سزاکەی هەڵپەساردووە.
ڕۆژی ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە سەروبەندی ساڵیادی لەدایکبوونی مێهدی بەبرنژاددا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە قووچان و ڕەزا بەبرنژادیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای تێپەڕینی ماوەیەک و کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، بە بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە بۆ دووەم جار لە ڕێکەوتی ٣١ی گوڵانی ١٤٠٣دا (٢٠ی مەیی ٢٠٢٤) دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرا، هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیش دەگەڕایەوە بۆ بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و ئەندامی لیژنەی مەرگ لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا (٨٠ی زایینی). ئەم هاووڵاتییە دوای ١٣ ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام دوای ٥ ڕۆژ سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە. دواجار ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢١ی جولایی ٢٠٢٤) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندانی قووچان ئازاد کرا.
مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی ٢٢ ساڵانی خەڵکی قووچانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد. هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەم هاووڵاتییەیان دوای ٣ ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم گیانبەختکردووە بە ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «شارەک»ی قووچان بەڕێوە چوو.