سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران و دانیشتووی تاران کە پێشتر لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە دەر کرابوو، لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی کۆمەڵگەی دادوەریی شەهید سلێمانیی تاران لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردەی پەسەند کردووە. بە گوێرەی بڕیارەکە، پرۆسەی جێبەجێکردنی ٤ ساڵ لە سزا ١٠ ساڵەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەچێتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.
ڕێبوار مارابی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە. لە ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (فێبرییەی ٢٠٢٦) لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەزا عەمووزاد، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. ئەم هاووڵاتییە دوای تانەدان لە بڕیارەکە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ڕێبوار مارابی خەڵکی گوندی «ماراو»ی سەر بە کامێران و دانیشتووی تارانە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا وەکوو سەرپەرشتی چێشتخانە لە ڕیستۆرانێکدا کاری کردووە.