ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە ورمێ، لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە سزای بەندکران و بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ کەس کە لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون و هێشتا هەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان، دوای ئەوەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا، لە بەندی پێشوازیی ئەو زیندانەوە گوازرانەوە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستە تەنها توانیویەتی ناونیشان و زانیارییەکانی پێنج لەم زیندانیانە بە دەست بهێنێت:

کەریم مەسعوودی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک مانەوە لە دەستبەسەرگەی «دوقوزپلە»ی پۆلیسی ئەمنییەتدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەحموودی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە ١٨ مانگی خراوەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

بێهزاد سەمەدزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، ئەویش ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ١٨ مانگی خراوەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

فەرشاد سووری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک مانەوە لە دەستبەسەرگەی «دوقوزپلە»ی پۆلیسی ئەمنییەتدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ئەم زیندانییە سیاسییەیش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا کە دوای قبووڵکردنی بڕیارەکەی دادگا و بەپێی یاسا، کەم کرایەوە بۆ ٩ مانگ بەندکران.

غولامڕەزا عەبدوڵڵازادە و سەردار پوورمیرزایی، هەردووکیان کورد و خەڵکی ورمێ، ئەوانیش ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. ئەم زیندانییە سیاسیانەیش لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێدا بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» دادگایی کران. غولامڕەزا عەبدوڵڵازادە سزای ساڵێک بەندکران و سەردار پوورمیرزاییش سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا. سزاکەی غولامڕەزا دوای قبووڵکردنی بڕیارەکەی دادگا و بەپێی یاسا، کەم کرایەوە بۆ ٩ مانگ بەندکران و ١٧ مانگ لە سزاکەی سەرداریش خرایە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) دەیان هاووڵاتی لە ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. ئەگەرچی چەندین مانگ لە دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتیانە تێ دەپەڕێت، بەڵام هێشتا هەندێکیان لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە بەندی پێشوازیکردنی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون.