لە حەفتەکانی ڕابردوودا لانیکەم ٩ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆجنوورد و ئاشخانە لە پارێزگای خوراسانی باکوور کە دوانیان منداڵن، بە ناوەکانی عەلی بەراتی، عادڵ ڕەییس قەنەواتی، عیرفان سەجادی، یاسین سەرئەفراز (١٧ ساڵان)، مەهدی ڕوستەمی، ئەمیرمەهدی نەعیمیفەر، سەیدعەلیڕەزا سەیدی، فەرهاد باغچەقی و سەعید باغچەقی (١٦ ساڵان) لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و تاوان (کەیفەری)ی شاری بۆجنووردەوە سزای بەندکران، قامچی و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەندێ لەم هاووڵاتیانە هێشتا دەستبەسەرن و هەندێ دیکەیشیان دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.
سەعید باغچەقی، منداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی بۆجنوورد، لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە سزای دوو ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆجنوورددا دەستبەسەر کرا و پووشپەڕی ١٤٠٥ (جولایی ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
فەرهاد باغچەقی، خەڵکی بۆجنوورد، کۆتاڕۆژەکانی پووشپەڕی ١٤٠٥ (جولایی ٢٠٢٦) بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەری پێ بدرێت و بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە گردبوونەوەدا»، «سەرپێچیکردن لە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا» و «تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا» بە گشتی سزای سێ ساڵ بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆجنوورددا دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی و زیندانی ئەم شارەدا، کۆتاڕۆژەکانی پووشپەڕی ١٤٠٥ (جولایی ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
سەیدعەلیڕەزا سەیدی، خەڵکی ئاشخانە، کۆتاڕۆژەکانی پووشپەڕی ١٤٠٥ (جولایی ٢٠٢٦) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» سزای سێ ساڵ بەندکران و قامچیی بەسەردا سەپا. ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٦ی جولایی ٢٠٢٦) دادگایی کرا و کۆتایی هەمان مانگ بڕیارەکەی دادگای پێ ڕاگەیەنرا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە هۆی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەمیرمەهدی نەعیمیفەر، هاووڵاتیی ١٨ ساڵانی خەڵکی بۆجنوورد و بۆکسۆر و فوتباڵیست، بەم دواییانە لە لایەن لقی چوارەمی دادگای تاوان (کەیفەری)ی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» و «سەرپێچیکردن لە فەرمانی هێزە ئەمنییەکان» سزای ساڵێک و شەش مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆجنوورددا دەستبەسەر کرا و دوای سێ حەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
مەهدی ڕوستەمی، ٢٥ ساڵان و خەڵکی ئاشخانە، کۆتاڕۆژەکانی پووشپەڕی ١٤٠٥ (جولایی ٢٠٢٦) لە کاتێکدا مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرا، لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە کۆتایی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە هۆی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
عەلی بەراتی، ٢٥ ساڵان و خەڵکی بۆجنوورد، لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقێکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆجنووردەوە لە کاتێکدا مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدرابوو، بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆجنوورددا دەستبەسەر کرا و ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ (١٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
عادڵ رەییس قەنەواتی، خەڵکی بۆجنوورد، کۆتایی جۆزەردانی ١٤٠٥ (ژوەنی ٢٠٢٦) لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا» سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دۆسیەیەکی دیکەیش لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا بۆ ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە کە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم دۆسیەیە بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) بە هۆی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەربوون لە زیندانی ئەم شارەدا، کۆتایی جۆزەردانی ١٤٠٥ (ژوەنی ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
عیرفان سەجادی، ٢٠ ساڵان و خەڵکی بۆجنوورد، کۆتایی جۆزەردانی ١٤٠٥ (ژوەنی ٢٠٢٦) بە شێوەی غیابی و بەبێ ئەوەی مافی وەرگرتنی پارێزەری پێ بدرێت، لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای شەش مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٢٠٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) دوای چەند ڕۆژ ئەشکەنجەدرانی سەختی جەستەیی و دەروونی، بە دانانی کەفالەت و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
یاسین سەرئەفراز، منداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی بۆجنوورد، ئەندامی تیپی نیشتمانیی بۆکسی ئێران و براوەی چەندین خولی پاڵەوانێتیی ئێران، بەم دواییانە لە لایەن لقی چوارەمی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای سێ ساڵ و سێ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ١٨٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆجنوورددا دەستبەسەر کرا و لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بوو.