ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسوولیفەرد، هاووڵاتیانی خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی دووەمی دادگای تاوان (کەیفەری)ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «کڕین و فرۆشتنی کەرەستەکانی ستارلینک» هەرکامە سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیارەکەی دادگا بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە.

ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسوولیفەرد ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی ئەم دەزگایە لە شاری ورمێ. لەوێ و هاوکات کە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون، بۆ ماوەی ٥٢ ڕۆژ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان برانەوە بۆ زیندانی بۆکان و لە کۆتایی خاکەلێوەی ١٤٠٥دا (ناوەڕاستی ئاپریلی ٢٠٢٦) بە بارمتەی سێ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.