یەدوڵڵا مەتاعی، ڕاهێنەری کاراتەی شاری دێولان کە ٣١ ساڵ پێشینەی کاری هەیە، لە لایەن بەشی پاراستنی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستانەوە مۆڵەتی هەرجۆرە چالاکییەکی وەرزشیی لێ سنرایەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم وەرزشوانە ناسراوەی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن بەشی پاراستنی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستانەوە بانگهێشت کراوە و بەرپرسی ئەو بەشە ئەمنییە پێی ڕاگەیاندووە کە چیدی بۆی نییە هیچ جۆرە چالاکییەکی وەرزشی ئەنجام بدات.
هەروەها ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) وا بڕیار بووە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە پاڵەوانان و پێشەنگانی وەرزش لە دێولان بەڕێوە بچێت، بەڵام هەر بە دەستێوەردانی بەشی پاراستن ناوی ئەم وەرزشوانە کوردە لە پێڕستی پێشەنگەکان سڕدرابووەوە و مۆڵەتیشی پێ نەدرابوو بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکات.
یەدوڵڵا مەتاعی کە لە ساڵی ١٣٧٤ەوە (١٩٩٥) وەکوو وەرزشکار و ڕاهێنەری کاراتە کاری کردووە، لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە دێولان دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سنە ئازاد کرا. دوای ماوەیەکیش سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.