تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

سزاکان قەسری شیرین

سزای پێنج ساڵ بەندکران بۆ دوو دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینەکەی بەفرانبار

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prison-sentences-ku/2026/09/07/p49879

لە ڕاستەوە؛ عیرفان مورادیی دەنگی و ئەبولفەزل ڕوستەمی

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قەسری شیرین بە ناوەکانی ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادیی دەنگی کە بە هۆی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری پارەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی قەسری شیرینەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی» هەرکامە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٦) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە قەسری شیرین دەستبەسەر کران.

ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادیی دەنگی چەند حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەدا لە شاری کرماشان خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونییەوە و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

گەلاوێژی ئەمساڵ (ئاگۆستی ٢٠٢٦) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی قەسری شیرین دادگایی کران و بڕیارەکەی دادگا لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێیان ڕاگەیەنراوە.