سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ڕەوشی حەمزە دەرویش، بەندکراوەی باوەڕمەند بە مەزهەبی سوننە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧، بانگ کرا بۆ پاسەوانیی بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج و بەڕێز محەمەدی، بەڕێوبەری پاسەوانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرد. حەمزە دەرویش ماوەیەک پێش ئێستا سکاڵای لەدژی بەرپرسانی بەندیخانەکە تۆمارکردبوو و گوتبووی ئەو بەرپرسانە واژۆی ساختەی ئەویان لە بن نامەیەک داوە کە تێیدا داوا کرابوو بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت بگوازرێتەوە”.

حەمزە دەرویش ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر / ١١.١٣ لەسەر بڕیاری محمەد بەرائە، سەرۆکی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ئێڤین لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهرەوە بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گوازرابووەوە و پاش هەفتەیەک مانگرتن لە خواردن دیسانەوە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهر.

دەگوترێت، محەمەد گودەرز، بەرپرسی بەندی ٧ی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر واژی ساختەی حمەزە دەرویشی لە بن نامەیەک داوە کە تێیدا داواکرابوو ئەو بەندکراوە بۆ بەندیخانەی لاکان بگوازرێتەوە و پاشان نامەکەی ئاراستەی ئەڵاکەرەم عەزیزی، بەرپرسی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر، بەڕێز وەزیری، دادوەری چاودێری بەندیخانە و محەمەد بەرائە کردووە. ئەوانیش بەپێی ئەو نامەیە بڕیاری گواستنەوەی دەرویش بۆ بەندیخانەی لاکانیان دەرکردووە. حەمزە دەرویش پاش گەڕانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهر سکاڵایەکی لەدژی ئەو بەرپرسانە تۆمارکردبووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، حەمزە دەرویش، ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز / ١٢.١٥ لەکاتی سەردانی بەڕێز دەرویش وەند، نوێنەری دادوەری چاودێری بەندیخانەکە بۆ بەندی ٧ سکاڵانامەکەی بەفەرمی ئاراستە کردووە. دوابەدوای ئەوە، محەمەد گودەرز، بەرپرسی بەندی ٧ هەڕەشەی لەو بەندکراوە کردووە کە دۆسییەیەکی نوێ لە دژی دروست دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا باسی لێکۆڵینەوەی پاسەوانیی بەندیخانەکە لەگەڵ حەمزە دەرویشی کرد و گوتی: “ئەو بەندکراوە سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانەی نامەی ساختەیان بەناوی ئەوەوە نووسیوە و هەروەها لەبارەی نامەیەکی دیکە کە لە بەندیخانەوە نووسیبووی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و تۆمەتبار کراوە بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی”.

لەگەل ئەوانەدا، حەمزە دەرویش ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و گوتوویەتی کە ئەو کارانە بەمەبەستی زەختکردن بۆ وەرگرتنەوەی سکاڵاکەی ئەنجام دەدرێن.

حەمزە دەرویش، بەندکراوی باوەڕمەند بە مەزهەبی سوننەیە و لە ساڵی ١٣٩٥ / ٢٠١٦ ەوە بۆ تێپەڕکردنی سزای ١٥ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەجدا بەسەردەبات.