تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە رۆژی پێنج شەممە، ١٠ی ڕێبەندان / ٠١.٣١، “بابەک دەبیریان“، چالاکوانی مەدەنیی کورد پاش مانگێک و ٩ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک میلیار تمەنی لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان ئازاد کراوە.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مورۆڤی کوردستان گوتی: “بابەک دەبیریان ماوەی ٩ ڕۆژی پێشوو لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی دێزڵ ئاوا دا ماوەتەوە”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، بابەک دەبیریان لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا بەسەختی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ئەشکەنجە دراوە و هەر بەو هۆیەشەوە کێشی جەستەی زۆر دابەزیوە.

بابەک دەبیریان لە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباردا / ٢٠١٩.١٢.٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدرانەوە لە شەقامێکی شاری کرماشاندا دەستبەسەرکرابوو. ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانە مەدەنییە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی شەخسییدا گرتبوو.

ناوبراو ڕۆژی ١ی ڕێبەندان / ٠١.٢١، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان ڕەوانە کرابوو.