تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٢، هێزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر هەستاون بە پشکنینی هۆڵی ١١ لە بەندی ٤ ئەو بەندیخانەیەدا کە شوێنی بەندکراوە سوننەکانە. لە کاتی پشکنینی جەستەی بەندکراوەکاندا بێڕێزییان پێکردوون و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئاڵۆزی نێوان بەندکراوان و هێزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “هێزەکانی گاردی تایبەت هەر لە سەرەتای پرۆسەی پشکنینەکەوە بەدوای بەهانەیەک بوو کە پەلاماری بەندکراوەکان بدەن، لەو کاتەوەی ئەڵلاکەرەم عەزیزی وەک سەرۆکی ئەو بەندیخانەیە دیاری کراوە، ئەوە چەندەمین جارە کە ئەو هێزانە هەڵدەکوتنە سەر بەندکراوە سوننەکان”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی گاردی تایبەت لەکاتی پێکدادانەکەدا کەلوپەلی شەخسیی بەندکراوەکانیان شکاندووە و دەستیان بەسەر هەندێکیان دا گرتووە.

هەروەها ئەو هێزانە بەشی خۆراکی بەندکراوەکانیان هەڵگرتووە بۆ خۆیان. هێزەکانی گاردی تایبەت پێشتریش هەڵسوکەوتی لەو شێوەیەیان دژی بەندکراوەکان پیشان دابوو و کاردانەوەی بەڕپرسانی بەندیخانەکەی بەدواوە بوو. بەڵام لەپاش دامەزرانی ئەڵلاکەرەم عەزیزی ئەو هێزانە بەئاشکرا هەڵسوکەوتی لەو بابەتە ئەنجام دەدەن.

دەگوترێت پاش هێرشی هێزەکانی گاردی تایبەت بۆ سەر هۆڵی ١١ هەموو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەو هۆڵە بۆ دەرەوەی بەندیخانەکە بۆ ماوەی ڕۆژێک بڕاوە.

بەندکراوە سوننەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر لە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستاوە بۆ هۆڵی ١١ لە بەندی ٤ ئەو بەندیخانەیە گواستراونەتەوە. ناوی بەڕێوەبەری ئەو بەندە “وەلی محەمەدی”ە کە هاوکات بەڕێوەبەری ناوخۆی بەندیخانەکەشە.