حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/03/16/p8260
حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ بەناوەکانی “کەیوان ڕەشۆزادە“، “کامران قاسمی“، “کامران دەروێشی“، “ئومێد سەعیدی“، “سیامەک ئەشرەفی“، “ڕەزا ئیسماعیلی” و “کەیوان زارع“، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی ڕەشەمە / ٠٣.٢٥ پاش گەڕاندنەوەی سێیان لەو بەندکراوانە لە قەرەنتینەوە بۆ ناو بەندی گەنجان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. هاوکات مانگرتنی سێ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی ورمێ، خۆی و ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامران دەروێشی کە لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەوە لەسەر فەرمانی ئەمیر سۆهرابی، بەڕێوبەری بەندیخانەی ورمێ بۆ ژووری تەکەکسیی قەرەنتینەی بەندی گەنجان گواسترابوونەوە گەڕێندرانەوە بۆ ناو بەند و دوابەدوا ئەو هەر حەوت بەندکراوەکە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا”.
ئەو حەوت بەندکراوە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٢، بەو داواکارییەوە کە ژوورێکی تایبەتیان لە بەندی گەنجاندا بۆ تەرخان بکرێت دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو.
ڕۆژێک پاش مانگرتنەکە بەهۆی هاندانی بەندکراوەکانی دیکە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە شەڕ و تێکهەڵچوونێک لەنێوان بەندکراوە ئاساییەکان و ئەو حەوت بەندکراوە سیاسییە ڕوویداوبوو و دوابەدوای ئەو کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامران دەروێشی بە دەست و قاچی بەستراوەوە بۆ ژووری تاکەکەسی قەرەنتنیە ئەو بەندە گواسترابوونەوە.
دەگوترێت لەو ماوەیەدا چەندین جار ئەو بەندکراوانە بەهۆی دابەزینی کێشی جەستە و پلەی پاڵوپەستێی خوێن بۆ بەشی تەندروستی بەندیخانەکە براون.
هاوکات، مانگرتنی “ئیرەج سۆفی محەمەد“، لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ، “موستەفا سەبزی“، لە بەندیخانەی خۆی و “پەروین ئەدوایی” لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە بەردەوامیی هەیە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
ئیرەج سۆفی محەمەد لە بەندیخانەی ورمێ دەستی دایە مانگرتن لە خواردن
-
وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە پەلاماردرانی حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ
-
پەیمان میرزازادە لە بەندیخانەی ورمێ دەستی دایە مانگرتن لە خواردن
-
حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن
-
بەندیخانەی ورمێ؛ مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە درایە هەشت بەندکراوی مەزهەبیی
-
داواکاریی مۆڵەتی چوونەدەرەوە دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ هەر وا بێ وەڵام ماوەتەوە